دوایین هۆشداری لە پارتیەوە بۆ یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان مۆڵەتێکی دیاریکراوی داوەتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی تا ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە دوای ئەم ماوەیە بێت، بە پێشنیازەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم ڕازی بێت. ئەم مۆڵەتە وەک دوا دەرفەت سەیر دەکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە، پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای هەڵبژاردن دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و ڕێگەی دیکە دەگرێتەبەر.
دواکەوتنی پێکهێنانی کابینە
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خاوەنی زۆرترین کورسی، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەی دانوستاندنی لەگەڵ یەکێتی ئەنجام داوە. سەرەڕای بڕینی هەنگاوی باش و تەنانەت ڕێککەوتن لەسەر کارنامەی کابینەی داهاتوو، کە هەردوو لا پێی ڕازین و زیاتر لە 20 کۆبوونەوە ئەنجام دراوە و لە دوو کۆبوونەوەشیان سەرۆک مەسعود بارزانی بەشدار بووە، بەڵام لە قۆناغی کۆتاییدا کە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانە، جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا بوونەتە هۆی سستی لە دانوستاندنەکان و دواکەوتنی ڕاگەیاندنی حکومەت.
پێشنیازی پارتی و مۆڵەتەکە
بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی پێشنیازێکی ڕوونی بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێم خستووەتە بەردەم یەکێتی و مۆڵەتی پێداوە کە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیاری کۆتایی بدات و بە پێشنیازەکە ڕازی بێت. ئەگەر یەکێتی لەم وادەیەدا ڕەزامەندیی نیشان نەدات، دۆخی دانوستاندنەکان دوای هەڵبژاردن دەگۆڕێت و پارتی هەنگاوی جدی دیکە دەگرێتەبەر، کە بریتی دەبێت لە پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و پێکهاتەکانی دیکە بەبێ یەکێتی.
وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکان
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی وردەکاریی پێشنیازەکە و دابەشکردنی پۆستەکان بە کوردنیوزی وتی کە پێشنیازەکە بەکورتی ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
- بۆ یەکێتی: پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی هەرێم، هەردوو وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە و چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری.
- بۆ پارتی: پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سرووشتییەکان و چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری.
سەبارەت بە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیش، پارتی ڕازی بووە کە وەزارەتی شارەوانی بداتە یەکێتی لە بەرامبەر وەزارەتی کشتوکاڵدا کە دەیەوێت لای خۆی بمێنێتەوە.
سازش و هێڵی سوور
بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نەرمی و سازشی نواندووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە پێکهێنانی “حکومەتی 50 بە 50” ڕازی نییە. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایە کە پارتی پێی وایە هەڵبژاردن بۆ ئەوە کراوە کە هەر لایەنێک بەگوێرەی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی، پۆست وەربگرێت، ئەگەرنا “هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک شەرعییەتیان نامێنێت”.
لەلایەکی دیکەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دوا هەڵوێستیدا لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ڕۆژانی ڕابردوو، ڕایگەیاندبوو: “تاوەکو بەو شێوەیە نەبێت کە ئێمە دەمانەوێت، حکومەت پێکناهێنرێت”. ئەمەش ئاماژە بە بەردەوامی جیاوازیی بۆچوونەکان دەدات.













Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *