جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێی چەککردنی ئەو میلیشیایانە کردەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن
کوردنیوز:
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێی چەککردنی ئەو میلیشیایانە کردەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.
هاوکات ڕوبیۆ پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین پرسی گرنگ کراوە، بەڵام خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان تیشک خستنەسەر مەترسیی میلیشیا چەکدارەکان بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لەسەر چەککردنی میلیشیاکان کردەوەو بە پێویستی زانی دەبێت هەرچی زووە میلیشیاکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، چەک بکرێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گرووپانە “سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە.”
لە بەشێک دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ڕوبیۆ پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە کە سوود بە تورکیا، عێراق و ئەمریکا دەگەیێنێت.
لەهەمان کاتدا ڕۆبیۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم میلیشیایانە “هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و کار و باری هاووڵاتیانی ئەمریکی و عێراقی” و هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە “میلیشیاکانی پشتگیریکراو لەلایەن ئێرانەوە سامان و داهاتەکانی عێراق بۆ بەرژەوەندی ئێران تاڵان دەکەن.”
جگە لەم پرسانە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندبوونی واشنتنی بە کارکردنی نزیک لەگەڵ عێراقییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دووپات کردەوە. هاوکات باسی هەوڵەکانی تەواوکردنی ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کرا.













Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *