هەرچەندە بەپێى دەستوورى عێراق دەبێت حکومەت بە یەک چاو بڕوانێتە فەرمانبەرانى هەموو وڵاتەکە و هیچ پاساو و رێکارێکى دەستووریى نییە رێگە بەوە بدات بە هەر هۆکارێک بێت مووچەخۆرانى هەرێم یاخود هەرپارێزگایەکى دیکەى عێراق، مووچەیان نەدرێتێ. هەر لە چوارچێوەى ئەم چەسپاوە دەستووریەدایە کە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقیش بڕیارێکى بۆ حکومەتى بەغدا دەرکرد کە نابێت بابەتى مووچە
هەرچەندە بەپێى دەستوورى عێراق دەبێت حکومەت بە یەک چاو بڕوانێتە فەرمانبەرانى هەموو وڵاتەکە و هیچ پاساو و رێکارێکى دەستووریى نییە رێگە بەوە بدات بە هەر هۆکارێک بێت مووچەخۆرانى هەرێم یاخود هەرپارێزگایەکى دیکەى عێراق، مووچەیان نەدرێتێ. هەر لە چوارچێوەى ئەم چەسپاوە دەستووریەدایە کە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقیش بڕیارێکى بۆ حکومەتى بەغدا دەرکرد کە نابێت بابەتى مووچە تێکەڵ بە کێشە و ناکۆکییە سیاسیەکان بکرێت، وەک ئەرکێک ئەوەى خستبووە ئەستۆى حکومەتى عێراق کە دەبێت هاوشێوەى فەرمانبەرانى دیکەى پارێزگاکانى عێراق، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیش دابین بکات.
بەڵام ئیتر ئەوە بەغدایە، لاوازى پێگەى کورد و ناکۆکى و ململانێ نێووخۆییەکانى هەرێمى کوردستانى قۆستەوە، نە بە دەستوور کاری کرد و نە پابەندى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بوو، وەک سزایەک بۆ خەڵکى کوردستان، چەندین مانگ و ساڵ قوتى خەڵکى کوردستانى بڕی. لە راستیدا لەبەر ئەوەى هەرێمی کوردستانیش پشتى کردبووە بەغدا و خوازیارى ئەوە بوو لێکەوتەکانى ئەو رەفتارەى بەغدا لە هەرێمی کوردستان قوڵتربێتەوە و هاووڵاتییانى کورد ئومێد لەسەر بەغدا دروست نەکەن و مەیلى عێراقى بوونیان بۆ دروست نەبێت، نەدەچوو پەلى دەزگا و دامەزراوە دەستوورییەکان بگرێت وەک ئامرازێک بۆ ناچارکردنى دەسەڵات بە پابەندییە دەستوورییەکانى، مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواجار ئەم سیاسەتە بڕى نەکرد، هەرێمى کوردستان بڕستى لێبڕا و بە ناچارى روویکردووەتەوە بەغدا. شوکرى فەزڵى سەدەیەک لەمەوبەر فەرموویەتى (ئیش کە رووى لە هەورازە سەرەو لێژى نەکەى. فکرى وردیشى دەوێ، هەر بەدوعاو نوێژى نەکەى). جا هەرێمى کوردستانیش کە رووى کردووەتەوە بەغدا، رووکردنەوە بەغدا فکرى وردى دەوێت. نابێت هەر بەچاوەڕوانى ئەوەى کە ئێستا ئومێدو سیاسەتى خۆى بە بەغداوە بەستووەتەوە، ئیدی چاوەڕێى رەحمى بەغدا بێت بۆ ئەوەى چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکات. پێویستە پلانى بۆ ورد و درشتى مافە دەستوورییەکانى خۆى هەبێت.
یەکێک لەو بابەتانەى کە مافى خەڵکى کوردستانە و پرسى گەرمى ئەمڕۆیە، بابەتى مووچەیە. جیا لەو پابەندییە دەستوورییە، جیا لە بڕیارى دادگەى فیدراڵى، ئێستا پابەندییەکى دیکەش هەیە بەغدا ناچار دەکات دەبێت پابەندبێت بە پێدانى مووچەى هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەو رێککەوتنە سیاسى و ئابوورییەى چەند مانگى رابردووى نێوان هەولێر و بەغدایە کە هەرێمى پابەند کردووە بەوەى نەوتەکەى رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى عێراق (سۆمۆ) بدات، هەروەها بڕێکى دیاریکراوى مانگانە لە داهاتى نانەوتى بداتە وەزارەتى دارایى بەغدا. چەند مانگێکە هەرێمى کوردستان بەتەواوى پابەندى ئەو رێکەوتنە بووە. بەڵام مووچەى دوو مانگى دواکەوتووە. نیگەرانییەک لاى هاووڵاتیان دروستبووە بۆ چارەنووسى ئەو دوو مووچەیەى مانگەکانى (نۆ و دە) کە چى بەسەردێت. هەندێ شرۆڤەکارى ئابووریی کورد و هەندێ پێشکێشکارى بەرنامە و پەیامنێرى کەناڵە کوردییەکانیش لە بەغدا، هەڵوێستێکى نێگەتیڤ دەگێڕن لەوەى بەغدا ناتوانێت ئەو دوو مووچەیە بنێرێت، یان دەڵێن فریا ناکەوێت، کۆتایى ساڵى حسابییە و چەندین بڕ و بیانوو پاساوى ناڕەوا بۆ بەغدا دەهێننەوە. لەکاتێکدا بە هەموو پێوەر و یاسا و رێسایەک و پابەندییە دەستووریى و یاساییەکان و بەپێى رێککەوتنى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەرکى حکومەتى عێراقە دەبێت مووچەى هەموو ئەو مانگانەى دواى رێککەوتنەکە بنێرێت.
پێشتر زۆرجار کاربەدەستەکانى بەغدا و هەندێ لە کارەکتەرە سیاسییەکانیان بە پاساوى ئەوەى شەقامى عێراقى نیگەرانن لەوەى هەر سازشێک بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانەیە، پرسەکە مافە و بۆ بەغداش نەک هیچ ئیحراجییەکى تێدا نییە، بەڵکو بەهۆى وەرگرتنەوەى نەوت لە دەستى هەرێم، وەک جۆرێکە لە سەرکەوتن بۆ حکومەتەکەى سوودانى. تەنانەت ئەگەر هەر چوار مووچەى مانگەکانى ئەم ساڵ پێکەوە بنێرێت، هیچ ئیحراجییەکى بۆ بەغدا تێدا نییە، بەڵام وەک پێشتر گوتم ئیدی ئەوە بەغدایە، ئەگەرى زۆرە بەهۆى ئەوەى لەبەردەم هەڵبژاردنداین و دواى هەڵبژاردن حکومەت دەبێت بە کاربەڕێکەر، هەروەها لە بەردەم حیسابى کۆتایى ساڵداین، ئەگەر هەرێمی کوردستان گوشار نەکات و بێدەنگ بێت، بەغدا مەیلى ئەوەى هەیە و هەمیشە چێژ لە ئازاردانى کوردستان وەردەگرێت. بۆیە ئەگەر هەرێمى کوردستان هەندێ رێگە و رێکارى پێشوەختە نەگرێتەبەر، بۆى هەیە بەغدا خۆى بەو پابەندێتییە بدزێتەوە.
بۆیە پێویستە کوردستان پێشوەختە چەند هەنگاوێک بنێت. یەکەم چاوەڕێى نووسراو و داواى وەزارەتى دارایى بەغدا نەکات بۆ ناردنى بەشى بەغدا لە داهاتى نانەوتى بۆ ئەو مانگانەى رابردوو، وەک پابەندە بە ناردنى نەوتى رۆژانەوە، راستەوخۆ داهاتى نانەوتیش بۆ ئەو دوو مانگەى رابردوو بنێرێت. دووەم هەنگاو کە پێویستە هەرێمی کوردستان بیگرێتەبەر هەر لە سبەینێوە سکاڵایەک دژی حکومەتى بەغدا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تۆمار بکات و داواى دەرکردنى بڕیارێکى وەلائى بکات کە بەغدا پابەند بکات بەوەى نابێت هیچ مووچەیەکى هەرێمى کوردستان بفەوتێت. لەبەر ئەوەى مافێکى دەستوورییە، لەبەر ئەوەش کە دادگەى باڵاى فیدراڵى پێشتریش بڕیارێکى لەو بارەیەوە هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەش کە هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنەوە و ئێستا نەوت و داهاتى نانەوتیش دەدات بە بەغدا، بە دڵنیاییەوە دادگەى باڵاى فیدراڵى بە دەم سکاڵاکەى هەرێمى کوردستانەوە دێت و بڕیارێک بەدڵى هەرێمی کوردستان دەدات.
ئیدی دواى ئەو بڕیارە، حکومەت ببێت بە کاربەڕێکەر و حیسابى ساڵیش دابخرێت، هەر کەس لە شوێنى ئەم کابینەیە بێتە سەر دەسەڵات، پابەند دەبێت بەوەى مووچەى مانگەکانى (نۆ و دە)ى هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.
عارف قوربانی













Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *