“شەڕ ئاشتییە” کورد، هەرخۆی “بێ هیچ شتێک”، بەینی لەگەڵ “درۆ”دا خۆشە… جا وەرە بانگەشەی هەڵبژاردنو کاندیدیش بێ، ئەبێ چ داهێنانێک بکات؟! ئیتر ئاوایە رێساکەی هەڵبژاردن: کێ درۆزانتر بێ، کێ درۆی جوانتر بکات، ئەگەری بردنەوەی زیاترە. دەسەڵات خۆی لەسەر درۆ بنیاتنراوەو بۆ مانەوەشی بەردەوام درۆ دەکات. ئۆپۆزیسیۆنیش، زۆرجار بۆ ئەوەی دەستیان بە”خێرو بێرەکە” بگات، درۆیەکی باشترو
“شەڕ ئاشتییە”
کورد، هەرخۆی “بێ هیچ شتێک”، بەینی لەگەڵ “درۆ”دا خۆشە…
جا وەرە بانگەشەی هەڵبژاردنو کاندیدیش بێ، ئەبێ چ داهێنانێک بکات؟!
ئیتر ئاوایە رێساکەی هەڵبژاردن:
کێ درۆزانتر بێ، کێ درۆی جوانتر بکات، ئەگەری بردنەوەی زیاترە.
دەسەڵات خۆی لەسەر درۆ بنیاتنراوەو بۆ مانەوەشی بەردەوام درۆ دەکات.
ئۆپۆزیسیۆنیش، زۆرجار بۆ ئەوەی دەستیان بە”خێرو بێرەکە” بگات، درۆیەکی باشترو گەورەتر لەدرۆکەی دەسەڵات بۆ خەڵکی دەکەن!
خەڵکیش، ئالوودە بوون لەسەر ئەو درۆیانەی هەستێکی خۆشو هیوایەکی وەهمییان پێدەبەخشن، ئەگەر درۆی ئێکسپایەریش بن هێشتا لەخۆشیدا هەر چەپڵەیان بۆ لێئەدەن.
لەسایەی ئەم هەموو درۆیانەشدا، یەکێک لەو شەڕە گەورانەی کە دۆڕانمان، شەڕی “کوردستانێکی ئازادو دادپەروەر” بوو.
لەکوردستان، درۆ رەوڕەوەی ژیان دەسوڕێنێ.
گەر لەم وڵاتەدا بژیو درۆ نەکەیت، ئەوا دڵنیابە تیائەچیو ئەفەوتێیت.
جا بۆ ئەوەی لەژیان دوانەکەویت، دەبێت کار بەم ڕێسایە بکەیت: “من درۆ دەکەم، کەواتە من هەم”.
هەموو کەسێک درۆ دەکات، کەچی هەمووشیان دەڵێن: رقمان لەدرۆیە!
لەکوردستانی ئەمڕۆدا، کە ریاکارییو درۆ بووە بەکلتوری زاڵ، کەس متمانە بەکەس ناکات.
زۆربەی خەڵکی روخساری راستەقینەی خۆیان لەژێر چەندین ماسکی رەنگاوڕەنگدا دەشارنەوە، چونکە باش دەزانن “مانەوە تەنها بۆ بێ شەرمەکانە”!
دەسەڵاتیش دەیەوێ خەڵکی وابن، تا پێیان دەکرێ درۆ بکەنو درێغی نەکەن لەدرۆکردن!
چونکە لەکۆمەڵگەیەکی بەمجۆرەدا، زۆرجار درۆ زۆر لۆژیکیترو سەرنجڕاکێشترە تا حەقیقەتو ڕاستی، کە کاریش گەیشت بەوەی ئیتر درۆکردن ویژدان ئازار نەدات، ئەوەی تێکدەشکێت “حەقیقەتو راستگۆییە”.
دەسەڵاتێک کە بەدرۆو دیماگۆژیو بەڵێنی پووچ وڵات بەڕێوەببات، بەردەوام کار لەسەر خەپاندنی هەموو جۆرە راستگۆییو ئازادییەک دەکات، بەیاسا، بە هێز، بەپارە، بەدامەزراندنی چەندین دەزگای میدیایی زەبەلاحو بچکۆلانە، دەیەوێ “ڕاستی”یە “ئۆریل”ییەکەی خۆی بسەپێنێت کە: “کۆیلایەتی ئازادییە، شەڕ ئاشتییە، نەزانی هێزە”!
بەئەزمونیش بینیمان، تا دەسەڵاتداران گەمژەتر بن، ڕەقتر بن، پاوانخوازتر بن، دەسەڵاتخوازترو گەندەڵتر بن، زیاتر پێویستیان بەدرۆیە.
کێشەکەشیان ئەوەیە “تێناگەن”، تێناگەن تا رۆژێک دێ خۆیان لەژێر وێرانەو داروپەردووی درۆکانیاندا دەبینن.
سەردار محەمەد













Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *