ئازادیتان باش!

ئازادیتان باش!

سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی دوایین کەسن کە مافی ئەوەیان هەبێت باسی ئازادی رادەڕبڕین و فەراهەمکردنی بۆ خەڵکی کوردستان بکەن. ئەم دوو هێزە ئەو کاتەی هەستیان کردبێت دەنگێکی ئازاد و راستەقینە رووبەڕوویان بووەتەوە بە دەیان رێگای جۆراوجۆر دژی وەستاون، سڵیان لە کوشتن و دەستگیرکردن و فشار خستنە سەر رۆژنامەنووس و دەنگە ئازا و ئازادەکان نەکردووەتەوە. هەردوو

سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی دوایین کەسن کە مافی ئەوەیان هەبێت باسی ئازادی رادەڕبڕین و فەراهەمکردنی بۆ خەڵکی کوردستان بکەن.

ئەم دوو هێزە ئەو کاتەی هەستیان کردبێت دەنگێکی ئازاد و راستەقینە رووبەڕوویان بووەتەوە بە دەیان رێگای جۆراوجۆر دژی وەستاون، سڵیان لە کوشتن و دەستگیرکردن و فشار خستنە سەر رۆژنامەنووس و دەنگە ئازا و ئازادەکان نەکردووەتەوە.

هەردوو حیزبەکە دەستیان سورە بە خوێنی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا تیرۆرکراون، با چالاکوان و خۆپیشاندەر و نەیاری سیاسییان بوەستێت.

حکومڕانی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی یەکجار ناشرینی لە ئازادی رادەربڕین هەیە، لە زۆنی سەوز ئەو کاتە ئازادی کە دژی سەرانی زۆنی زەرد بنووسی، لە زۆنی زەردیش بەهەمانشێوە!

هەڵکوتانە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای بانگەشەکانی ئازادی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر، و پەلاماردانی کادرەکانی یەکێتی لە بەردەم قەڵای هەولێر، لایەنگرانی عەلی حەمەساڵح لە شێخان لەلایەن لایەنگرانی پارتییەوە لەو نمونە زیندوانەن کە بوونەتە ناسنامەی دوو ئیمارەتەکە!

ئەو دوو بنەماڵە حوکمڕانە هیچ کات نەیانتوانیوە حوکمێکی ڕەشیدی ناوچەکانی خۆیان بکەن چ بگات بە باشووری کوردستان! ئەوەی بەلایانەوە گرنگ بووە کۆکردنەوەی داهات و بەهێزکردنی پێگەی حیزبەکانیان بۆ مانەوەی بنەماڵەکانیان بووە.

لە نەگبەتی ئەم خەڵکە، لە مێژووی نوێیدا سەرکردەیەکی لێ هەڵنەکەوتووە بتوانێت بەرانبەر ئەو دوو بنەماڵە بوەستێتەوە و خاڵی کۆتاییان بۆ دابنێت، ئەوەی هاتوە بۆتە شەریکیان!

هەر تاکێکی ئەم هەرێمە لە هەرکاتێکدا بێت چانسی ئەوەی هەیە ستەمی پارتی و یەکێتی تاقی بکاتەوە، بکەوێتە بەر نەحلەتی هێزە جۆراوجۆرەکانیان و لە نیوە شەوێکدا بدەن بە سەریدا و لە ناو زیرەکەی ماڵ و منداڵەکەی رایکێشنە پشت میکزەمینیەکانیانەوە.

دووری بۆ مەڕۆ رۆژێک تۆش هاوشێوەی ئەوانی دیکە، لەسەر نوسینێک یان کۆمێنتی سەر پۆستێک یەک دوو هەفتە لە ئینفرادییەکاندا بمێنیتەوە.

ئەمانە شەرم نایانگرێت لە بەردەم نوێنەری وڵاتان باسی ئازادی میدیا و میدیاکاران دەکەن لە کاتێکدا، ئێستا دەیان رۆژانامەنووس لە ژێر ناوی جۆرا و جۆر لە زیندانەکانیاندا رۆژ دەکەنەوە.

ئەو کاتەی فەزای میدیا لە کوردستان، لە میدیا سەربەخۆکان خاڵی بوویەوە و میدیا و میدیاکاران بە ناچاری بوونە دارەدەستی دوو بنەماڵەکە و رۆژانە خەریکی سپی کردنەوەی روویانن، ئیتر شتێک بەناوی ئازادی میدیا نەما.

ئێستا ئەوانەشی بوونەتە بەرگریکاری میدیاکاران دەستیان لە گیرفانی دوو بنەماڵەکەدایە و لەو داهاتە دەخۆن کە لەسەر خوێنی ئەم خەڵکە کۆ کراوەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خەڵک ئەوەندە برسی کراوە، دوایین شت کە بیری لێ بکاتەوە ئازادییەکەیەتی بۆیە تەنیا بیری لای پەیداکردنی نانی ئێوارەیە.

رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *