هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە دەکرێتەوە؟

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە دەکرێتەوە؟

دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بووە لە بژاردە بەهێزەکانی سەر مێزی گفتوگۆ

کوردنیوز- تایبەت:

لە دوایین گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بووە لە بژاردە بەهێزەکانی سەر مێزی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ناگەنە رێککەوتن، پێشنیاز کراوە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

هەردوولا باسیان لەوەکردووە ئەگەر هێزەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامێکی خراپ بەدەست بهێنن ئەوا دەست بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ببەن.

لەم هەنگاوەدا پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان چاوی لەوەیە پێگەی خۆی لە پەرلەمان بەهێزتر بکات تا بتوانێت خواستەکانی لە کابینەی نوێی حکوومەت بەدەست بخات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردنیوز کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتوون، ئەگەر هەردوولا سوور بن لەسەر داواکارییەکانیان ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە وهەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.

لە دوایین هەڵوێستی فەرمی پارتی و یەکێتی لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان هەردوولا جەختیان لە داواکارییەکانی خۆیان کردەوە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سوور بوونی خۆی لەسەر داواکارییەکانیان نیشاندا و وتی تا ئەو کاتەی دڵنیا نەبێت کابینەی داهاتوو هەڵەکانی رابردووی دووبارە ناکاتەوە پێک نایەت.

لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، جەختی لەوە کردەوە لەو پێشنیازەی کە پارتی خستویەتیە بەردەم یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان زیاتر “مومکین” نیە.

بە گوێرەی سەرچاوەکەی کوردنیوز، یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزیری ناوخۆ دەکات.

لە بەرانبەریشدا پارتی بە توندی داواکارییەکان رەت دەکاتەوە و ئامادە نیە ئەو پۆستانە رادەستی یەکێتی بکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کابینەی حکوومەت دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردندا هێشتا پێک نەیەت.

هەڵبژاردنەکە لە ٢٠ی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٤ دوای زیاتر لە دوو ساڵ دواخستن لە ژێر فشاری ئەمریکا و دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەنجامدرا، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە نەیتوانی خواستە سیاسییەکان بەدەست بهێنێت تا ئێستا کابینەی حکوومەتی لێ بەرهەم نەهاتووە.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *