ترەمپ: ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانی غەززە بوەستێنێت

ترەمپ: ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانی غەززە بوەستێنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێیوایە بزووتنەوەی حەماس بۆ “ئاشتییەکی بەردەوام” ئامادەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێیوایە بزووتنەوەی حەماس بۆ “ئاشتییەکی بەردەوام” ئامادەیە و “دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانکردنی کەرتی غەززە بوەستێنێت،” ئەمەش دوای ئەوەی کە بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئامادەیی خۆی دەربڕی لەسەر پێشنیازێکی ترەمپ هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان بگەڕێنێتەوە. 

سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، “بە پشتبەستن بەو راگەیێنراوەی کە تازە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکرایەوە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانکردنی غەززە بوەستێنێت، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و بە خێرایی دەربهێنین! ئێستا زۆر مەترسیدارە کە ئەوە بکەین.”

ترەمپ هەروەها دەڵێت، “ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین بۆ یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە غەززەوە نییە، ئەمە پەیوەندیی بە ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە کە  کە لەمێژە هەوڵی بۆ دەدرێت.”

ئەم قسانەی ترەمپ کەمتر لە کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە حەماس رازیبوونی خۆی بە بەشێکی پلانەکە 20 خاڵییەکەی ترەمپ دەربڕی. 

ترەمپ تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن (کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر و غەززە) مۆڵەتی بە حەماس دابوو تاوەکو تەواوی رێککەوتنەکە قبووڵ بکات، هەروەها هۆشداری داوە لە ئەگەری رەتکردنەوەی پێشنیازەکە، “دۆزەخ بەسەر حەماسدا دەکرێتەوە”. 

لە راگەیێنراوەکەیدا کە شەوی هەینی بڵاویکردەوە، حەماس گوتبووی، لەپێناو راگرتنی “دەستدرێژی و شەڕی جینۆسایدی” ئیسرائیل دژی خەڵکی غەززە و “لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی”، وەڵامی پێشنیازەکەی داوەتەوە.

حەماس “سوپاس و پێزانینی” خۆی بۆ هەوڵە عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان دەربڕی.

لە کاتێکدا بزووتنەوەکە بە هەندێک لە خاڵەکان رازی بووە، بەڵام تێبینیی لەسەر خاڵەکانی دیکە هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە چەکدانانەوە.

ئەو خاڵانەی کە حەماس پێیان رازی بووە:
 
یەکەم: ئازادکردنی بارمتەکان

حەماس پابەندبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان راگەیاندووە، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی بارمتەکان بە بەندکراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلن. ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو نەهێشتنی جەنگ و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سەیردەکرێ. 

راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجی گەڕاندنەوەی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل پابەندی کشانەوەی تەواوەتی بێت لە کەرتی غەززە. 

دووەم: رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە

بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کەرتی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی سەربەخۆی فەلەستینی بکات. ئامانج لەم هەنگاوە رێگەخۆشکردنە بۆ حکومەتێکی راگوزەر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی بکرێت.

ئەو خاڵانەی کە حەماس رەتیان دەکاتەوە یان لەسەریان بێدەنگە

یەکەم: داوای چەکدانان

داواکارییەکی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکا، چەکدانانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەی نێو غەززەیە. لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە بابەتی چەکدانان نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەکە بە میدیای فەلەستینی راگەیاندووە، تاوەکو ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە نەکشێتەوە، چەکەکانیان دانانێن.

دووەم: سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی

پلانەکەی ترەمپ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەر لەخۆدەگرێ بە سەرپەرشتیی دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە حەماس ئەوەی قبووڵ نییە. بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێت.

ئەو بوارانەی کە حەماس دەڵێت، پێویستیان بە گفتوگۆیە

حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە. بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە:

• کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل: مەرج و خشتەی کاتیی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە.

• میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان: وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان.

• گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان: دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە.

بزووتنەوەکە جەختی لە پێویستیی گفتوگۆ لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە کردووەتەوە، بۆئەوەی لەسەر مەرجە وردەکان رێکبکەون.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *