لە تاران ئاگرێکی گەورە لە کۆگەیەکی نەوت کەوتەوە

لە تاران ئاگرێکی گەورە لە کۆگەیەکی نەوت کەوتەوە

دیار نیە سەرچاوەی ئاگرەکە چیە

لە تاران ئاگرێکی گەورە لە کۆگەیەکی نەوت کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. وتەبێژی بەرگریی شارستانیی تارانیش دەڵێت، 10 تیمیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە و هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە.

ئەمشەو یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە کۆگەیەکی نەوت لە باشووری تاران کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. هەروەها بەهۆی ئاگرەکەوە، دووکەڵێکی گەورە بە ئاسمانی شاری تاراندا بڵاوبووەتەوە. 

تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هێزە ئەمنییەکان لە شەقام و گەرەکانی دەورووبەری شوێنی ئاگرەکە رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر.

بە گویرەی بەشێک لە میدیای ئێران، بەر لە ئاگرکەوتنەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگەکە بیستراوە.

جەلال مەلکی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی تاران رایگەیاند، “رووداوەکە کاژێر 18:03 ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆگەیەکی نەوت لە شەقامی شەهید رەجایی بووە و دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ 10 تیمیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە و هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە.”

بە گوتەی مەلکی، رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام دوو کەس بریندار بوون کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شاکر خەفایی، گوتەبێژی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی تاران رایگەیاند، “ئاگرکەوتنەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پاڵاوگەی نەوتی تاران نییە و ئاگرەکە لە شوێنی پاڵاوگەکە، بۆرییەکانی نەوت و کۆگەی نەوتی پاڵاوگەکە دوورە.”

محەممەدسادق عەزیمیفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیش دەڵێت، ئاگرکەوتنەوە لە کۆگەیەکی نەوتی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا روویداوە و هیچ زیانێک بە کۆگە و دامەزراوەکانیان نەگەیشتووە.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *