شاخەوان عەبدوڵڵا: مووچەی هیچ مانگێك نافەوتێت

شاخەوان عەبدوڵڵا: مووچەی هیچ مانگێك نافەوتێت

بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، مووچەش خەرج دەكرێت

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، مووچەش خەرج دەكرێت. دووپاتیشی كردەوە مووچەی هیچ مانگێك نافەوتێت و سەرجەمی خەرج دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ لە شاری كەركووك، مەراسیمی خەڵاتكردنی یەكەمەكانی پارێزگاكە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای مەراسیمەكەش قسەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە ڕایگەیاند، بەربەستی گەورەی بەردەم ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت بوو، حكومەتی فیدراڵی خۆی دانی ناوە بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی بەرهەمهێنراوی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە و ئێستا تەنیا پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەکە ماوە كە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە.

ڕوونیشی كردەوە كە پێشبینی دەكرێت دوای گفتوگۆكانی نێوان توركیا و عێراق، بە گرێبەستێكی نوێ هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە.

 بە وتەی د.شاخەوان عەبدوڵڵا، پرسی داهاتی نانەوتی لەم یەك دوو ڕۆژە چارەسەركراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری زۆری بۆ حكومەتی فیدراڵ كرد بە ئامانجی ڕێككەوتن، بەڵام هێشتا بەشێك لە دەقی یاساكان گرفتی گەورەن لەبەردەم دیاریكردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان، كە یاساكان بە ئەقڵیەتێكی مەركەزی نووسراون، سەرەڕای ئەوانەش لێتێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *