نزیکەی لەسەدا ٢١ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناتوانن دەنگ بدەن

نزیکەی لەسەدا ٢١ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناتوانن دەنگ بدەن

زیاتر لە 800 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرنەهێناوە و ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن

زیاتر لە 800 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرنەهێناوە و ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن. زۆرترین ئەو کەسانەی کارتیان نییە لە سنووری پارێزگای سلێمانین کە 40.6%ى تێکڕاى ئەو دەنگدەرانە بووە کە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەترییان دەرنەهێناوە.

ئەو ئامارە 17ـى ئابى 2025، بە فەرمى لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە بڵاوکرایەوە کە تایبەتە بە ژمارەى ئەو هاونیشتمانییانەى مافى دەنگدانیان لە هەرێمى کوردستان هەیە و کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان دەرهێناوە.  

%20.9ی دەنگدەران بێ کارتن

بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سێ ملیۆن و 883 هەزار و 501 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 70 هەزار و 839 هاونیشتمانی کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

بەم پێیە، 812 هەزار و 662 هاونیشتمانی ئەو مامەڵەیان نەکردووە کە لە رێگەیەوە دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، کە دەکاتە %20.9ی تێکڕای ئەو هاونیشتمانییانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە.

لە سلێمانی زۆترین کەس کارتیان نییە

پارێزگای سلێمانی زۆرترین ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تێدایە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان نییە، کە 330 هەزار و 391 دەنگدەرن، کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمدایە.

لە کۆی یەک ملیۆن و 532 هەزار و 893 دەنگدەر کە لە سنووری پارێزگای سلێمانین، یەک ملیۆن و 202 هەزار و 502 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان هەیە. بەوپێیە 40.6%ـى تێکڕای ئەو دەنگدەرانە دەکات کە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە و کارتى بایۆمەترییان نییە.

ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی سنووری سلێمانی کە کارتی بایۆمەترییان نییە، 8.5%ـی دەنگدەرانی ئەو کەسانەیە کە لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و 4.6%ـی تێکڕای ئەو کەسانەیە کارتی بایۆمەترییان لە هەرێمی کوردستان دەرنەهێناوە.

هەولێر؛ 22.8%ـی دەنگدەرانی کارتیان نییە

لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 410 هەزار و 112 هاونیشتمانی مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام یەک ملیۆن و 88 هەزار و 601یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە. بەو پێیە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین دەنگدەر کە کارتی بایۆمەترییان نییە لە هەولێرە و 321 هەزار و 511 هاونیشتمانین.

رێژەی ئەو دەنگدەرانەی هەولێر بەراورد بە دەنگدەری پارێزگاکە کە کارتی بایۆمەترییان نییە، گەیشتووەتە 22.8%، هەروەها بەراورد بەو دەنگدەرانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کارتى بایۆمەترییان نییە دەکاتە 39.5%ـى تێکڕاى ئەو دەنگدەرانەى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەترییان دەرنەهێناوە، هەروەها 8.2%ـى ئەو کەسانەى کە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە.

لە دهۆک زۆرترین کارتی بایۆمەتری دەرهێنراوە

لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە کۆی 940 هەزار و 496 هاونیشتمانی کە مافی دەنگدانیان هەیە، 779 هەزار و 736 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە. بەو پێیە، 160 هەزار و 760 دەنگدەر لە سنووری ئەو پارێزگایە ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.

پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین ژمارەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتریی تۆمار کردووە. ئەوانەی ئەو کارتەیان نییە لەو پارێزگایە 4.1%ـی تێکڕای ژمارەی دەنگدەران و 19.7%ـی تێکڕای ئەو هاونیشتمانیانەن کە مافی دەنگدانیان هەیە و کارتی بایۆمەترییان دەرنەهێناوە.

145 هەزار کارتی نوێ

20ـی حوزەیرانی 2025، دوا وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوو بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئەنجامدانی تۆماری بایۆمەتری، بۆ ئەوەی دەنگدەر مافی هەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.

بەگوێرەی ئامارەکەی کۆمسیۆن، 145 هەزار و 617 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە. 8 هەزار و 898 دەنگدەریان ئەوانەن کە لە ساڵی 2003 لەدایک بوون.

زۆرترین کارتی نوێی دەنگدەر کە بۆ یەکەمجارە دەنگ بدەن، لە سنووری هەولێر بووە کە 62 هەزار و 527 دەنگدەر بوون، سلێمانی لە ریزبەندی دووەمە بە 45 هەزار و 586 دەنگدەر و لە دهۆک 36 هەزار و 504 دەنگدەر بۆ یەکەمجار ئەو کارتی دەنگدانەیان دەرهێناوە.

10ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە تەنیا ئەو دەنگدەرانە دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەترییان هەیە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئامارە تاوەکو 4ـی ئاب وردبینیی تێدا کراوە، بەڵام دوایین ئاماری تۆمارکردنی دەنگدەرانە لە 30ـی حوزەیران داخراوە و لیستی دەنگدەران قۆناخی پەسەندکردنی ماوە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *