دابەشكردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو
پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنها چاوەڕوانی ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، ماوە بۆ ئەوەی بڕیاری خەرجکردنەکە دەربچێت، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سبەی سێشەممە ئامادەیی نیشانداوە کە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.
گرژیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی چەند مانگی ڕابردوو، سەرەڕای ڕێککەوتنی پێشوو لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆ و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەردەوام بوو، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیە ئاماژەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە.
هەنگاوەکانی هەرێم بۆ پابەندبوون
ڕۆژی یەکشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی کوردستان، نووسراوی ڕەسمی ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی 8ی ئاڕاستەی بەغدا کرد. ئەم داهاتە بەم شێوەیە کۆکراوەتەوە: 72 ملیار دینار لە هەولێر و دهۆک کۆکراوەتەوە و ئامادەیە، هەروەها 48 ملیار دیناریش لە سلێمانی کۆکراوەتەوە و داوا کراوە سبەی ڕەوانەی هەولێر بکرێت. بڕیارە سبەی کاژێر 12ی نیوەڕۆ، تەواوی پارەکە بە کاش بدرێتە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە کوردنیوزی ڕاگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ناردنی مووچە لەگەڵ ناردنی داهاتی نانەوتیدا بێت، بەڵام “بەڵێنی فەرمیمان لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە کە سبەی سێشەممە فەرمانی خەرجکردنی مووچە دەربکات”.
پڕۆسەی خەرجکردنی مووچە لە بەغدا
سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەغدا، هەرچەندە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە کوردنیوزی ڕاگەیاند کە پرسی مووچەی هەرێم پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەن نییە و لە کارنامەدا نییە، بەڵکو تەنها فەرمانی سەرۆکوەزیران سوودانی بۆ وەزیری دارایی، تەیف سامی، بەسە بۆ ناردنی پارەکە، پاشان ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی فەرمی خەرجکردنی مووچەکە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت.
هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی عێراق ئەوەشی بۆ کوردنیوز خستەڕوو کە تەیف سامی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نانێرێت “تاوەکو مووچەی چەند وەزارەتێکی خۆی تەواو نەکات”. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی کرد و ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارەش چەند ڕۆژێکی دەوێت، ئەگەری زۆرە ناردنی پارەکە بۆ هەرێم بکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
لەلایەکی دیکەوە، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی کوردستان لە شەوی یەکشەممەوە لە بەغدان و کوردنیوز زانیویەتی کە دوو کۆبوونەوەی سەرەکییان ئەنجامداوە، یەکێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دارایی و ئەوەی دیکەش لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی.













Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *