ئەمریکا فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگری ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمریکا فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگری ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمریکا دووبارە هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ دەکاتەوە

میدیای ئەمریکی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژمارەیەکی گەورەی فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگری جۆری KC-135 ستراتۆتانکەری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جووڵەی پێکراوە.

بە گوێرەی گۆڤاری زە نیووز ویک، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ناردنی فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر لەم مانگانەی دواییدا کرابێت.

هاوکات زانیاریی مانگی دەستکرد و دەزگاکانی چاودێریی فڕۆکەوانی، دەریدەخەن کە فڕۆکەکان لە بنکەکانی زەریای ئەتڵەسییەوە فڕیون و لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر دەنیشنەوە، کە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی لێیە. 

جێگیرکردنی ئەم هێزە ئاماژەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرچاوی ئاستی ئامادەیی و وریایی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە کاتێکدا گرژییەکان لەگەڵ ئێران روویان لە زیادبوون کردووە.

جێگیرکردنی کتوپڕی دەیان فڕۆکەی تانکەری KC-135 لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر ناسەقامگیردایە. 

پێشتر و راستەوخۆ پێش جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، جوڵەی سەربازیی بەرفراوانی لەم شێوەیە بینران.

گرژییەکان بەهۆی وەستانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران و بەردەوامیی گەمارۆکان زیاتر بوون، کە هەموو ئەمانە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ زیاد دەکەن. 

کۆکردنەوەی فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر لە قەتەر دڵنیایی بە سوپای ئەمریکا دەدات دەدات کە هێزەکانی بتوانن بە خێرایی لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەڵامی هەر رووداوێک بدەنەوە، ئەمەش گرنگیی ستراتیجیی ناردنی فڕۆکەکان دەردەخات.

سەرچاوە هەواڵگرییە کراوەکان، لەنێویاندا هەژمارەکانی چاودێریکردنی جموجووڵە سەربازییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەیان بەم جووڵەپێکردنە کتوپڕە کردووە. 

هەژماری “Defence_Index” نووسیویەتی: “نزیکەی 12 فڕۆکەی تانکەری KC-135 ستراتۆتانکەر و فڕۆکەی دیکەی سووتەمەنی هەڵگری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا گوازرابوونەوە بۆ ئەورووپا، ئێستا بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەچن.” 

لە پۆستەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دواین جموجوڵی هاوشێوە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکان روو لە بنکەی عودەید دەکەن

هەرچەندە ژمارەی وردی فڕۆکەکان دیار نییە، بەڵام داتاکانی چاودێریکردنی فڕۆکەوانی، زیادبوونێکی بەرچاوی فڕۆکەکانی جۆری KC-135R/Tیان پشتڕاستکردووەتەوە کە لە بنکەی عودەید نیشتوونەتەوە. 

وەک گەورەترین بنکەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەهێزکردنی ئەم بنکەیە بە واتای زیادکردنێکی بەرچاوی توانای سوپا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆندێت.

فڕۆکەی KC-135 لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە، پایەی سەرەکیی ئەرکی سووتەمەنیپێدانی ئاسمانیی ئەمریکا بووە و رێگەی بۆ نمایشکردنی هێز لە دوورمەودا لە سەرانسەری جیهان خۆشکردووە. 

توانای ئەم فڕۆکەیە بۆ هێشتنەوەی فڕۆکە جەنگی و بۆمبهاوێژەکان لە ئاسماندا، وایکردووە ببێتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ شەرە مەزنەکان.

ئێران ئاماژە بە بەرپەرچدانەوە دەکات

ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات، لە هەمان کاتدا روونیکردەوە کە دەستپێشخەری شەڕ  ناکات. 

محەممەد جەعفەر ئەسعەدی، جێگری پشکنەری ئێران گوتی، تاران مەودای مووشەکەکانی “بۆ هەر شوێنێک پێویست بێت” درێژ دەکاتەوە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر. ئەو داواکارییەکانی ئەمریکا و ئەورووپای بۆ سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی رەتکردەوە.

رۆژی یەکشەممە، لیوا موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداریی دابوو کە تەنانەت یەک هێرشی ئیسرائیلیش دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری کە ئەمریکاش دەگرێتەوە و گوتی: “ئەو ساتەی ئیسرائیل دەست بە شەڕ دەکات، ئێمەش لەگەڵ ئەمریکا دەچینە نێو شەڕەوە.” ئەمەش ئامادەیی تارانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی نیشان دەدات.

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ هۆشداری دەدات

ئەم هۆشدارییانە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) هۆشداریی داوە کە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەگەری نییە بەردەوام بێت و رەنگە شەڕ دەستپێبکاتەوە. 

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رێنمایی بەرپرسانی کردووە کە جێگرەوە بۆ خۆیان دیاری بکەن بۆ پاراستنی بەردەوامیی سەرکردایەتی لە ئەگەر هەر شەڕێکدا. ISW ئەوەشی خستەڕوو کە عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بەم دواییانە سەردانی یەکە سەربازییەکانی کردووە و رایگەیاندووە هێزە دەریاییەکانی ئێران بە تەواوی ئامادەن بۆ هەر جەنگێک.

دوای ئەمە چی روودەدات؟

جێگیرکردنی فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکانی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی ئێران ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی خۆ ئامادەکردن و توونکردنەوەی رێکاری چاودێری و وریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

 چاوەکان لەسەر جوڵەی زیاتری فڕۆکە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەبن، لە کاتێکدا لێدوانەکانی تاران ئەوە نیشان دەدەن کە ئامادەیە بە خێرایی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بداتەوە. 

نییووز ویک دەڵێت، بەهۆی وەستانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، بەردەوامیی گەمارۆکان و گرژییەکانی ناوچەکە – لەنێویاندا ئەگەری پێکدادانی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل – رەنگە دۆخەکە بە خێرایی پەرەبستێنێت، ئەمەش وا دەکات هەوڵی دیپلۆماسی و چاودێریی ورد لە هەفتەکانی داهاتوودا زۆر گرنگ بن.

Posts Carousel

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *